هێزە چەکدارەکانی ئێران: ئەمریکا سەرکێشی بکاتەوە گورزی کەمەرشکێنی بەردەکەوێت
جیهان
بۆکس میدیاـــــــ
وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا و ڕایدەگەیەنێت، دووبارەکردنەوەی هەر هەڵە و سەرکێشییەک لەلایەن واشنتنەوە، گورزی زۆر توندتر و کوشندەتری بەدوادا دێت.
ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە هەڕەشە بەردەوامەکانی سەرۆکی ئەمریکا دژی وڵاتەکەی، ڕایگەیاند: "دووبارەکردنەوەی هەر کردەوەیەکی گەمژانە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئابڕووچوونی ئەمریکا لە سێیەمین جەنگی سەپێنراو دژی ئێران، لێکەوتەی نابێت جگە لە بەرکەوتنی گورزی کوشندەتر و توندتر بۆ واشنتن."
شکارچی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە سەرۆکی ئەمریکا بزانێت لە ئەگەری جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی و هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، سامان و سوپاکەیان ڕووبەڕووی سیناریۆی نوێ، هێرشبەرانە، کتوپڕ و کەمەرشکێن دەبنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو بەرپرسە باڵایەی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا "لەو زۆنگاوەدا نوقم دەبن کە بەهۆی سیاسەتە سەرکێشییەکانی سەرۆکەکەیانەوە بۆ خۆیان دروستیان کردووە."