سەرچاوەکان: بەفیڕۆدان و دزینی نەوت لە عێراق 35 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە

عێراق

بۆکس میدیاــــــــــ

سەرچاوەکان زانیارییان ئاشکرا کردوە کە ئاماژە بە بونی رێکەوتنی نایاسایی نەوت لە عێراق دەکات کە لە ساڵی 2011 دەستیپێکردوە و رایانگەیاندوە، بەشداربون لە دابینکردنی دارایی میلیشیاکان و لایەنە سیاسییەکان، هەروەها زیانی دارایی زۆریان بە دەوڵەتی عێراق گەیاندوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، داهاتی زیاتر لە یەک لەسەر سێی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2011ەوە بۆ میلیشیا و لایەنەکان بوە، سودمەندبون لەو داهاتانەی کە رۆژانە بە نزیکەی یەک ملیۆن و نیو بەرمیل مەزەندە دەکرێت.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە بەرپرسانی عێراق دەستکاری ئەو بڕە نەوتەیان کردوە کە لە وەزارەتی نەوتەوە گواستراوەتەوە بۆ بەرژەوەندی میلیشیاکان و لایەنەکان، ئەو قەوارانەش رەزامەندی فەرمییان بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوت بەدەستهێناوە، لە نێوان ئەوەی بە خزمەتگوزاری سیاسی و بەرتیلیان لە پشت پێدانی ئەو ڕەزامەندییەوە وەسفیان کردوە.

ئه‌نجومه‌نی دادوەری عێراق، لە بەیاننامەیەکد دەستبەسەرداگرتنی بڕی 213 ملیار دینار و 12 ملیۆن دۆلار و 400 کیلۆ زێڕی لە دۆسیەی دەستبەسەرکراوی بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری تەسفیەکردن، عەدنان ئەلجومەیلی ڕاگەیاندوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

دوێنێ یەکشەممە، ئه‌نجومه‌نی دادوەری عێراق پشتڕاستی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ عەدنان جومەیلی بەردەوامن و دادگای ناوەندیی تاوانەکانی دژە گەندەڵی لە عێراق دەستبەسەرداگرتنی بڕی 27 ملیار دیناری لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی راگەیاند.

هەڵمەتی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە عێراق لە ساڵی 2026دا بە شێوەیەکی بەرچاو توندتر بوەوە، بە جۆرێک کە چەندین بەرپرسی باڵا، پەرلەمانتار و بریکاری وەزارەتەکان دەستگیرکران و ملیۆنان دۆلار و سامانی گشتی گەڕێنرانەوە.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، تا ئێستا توانراوه‌ ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له‌ 150 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار لە شوێن جیاوازدا بگیرێت، لەوانەش بڕی 14 ملیار دینار کە لەناو بیرێکدا شاردرابوەوە.

هه‌روه‌ها توانراوه‌ ده‌ست به‌سه‌ر نزیکەی 350 بۆ 375 کیلۆگرام زێڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگیرێت، جگه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ندین موڵك و ماڵی گرانبه‌ها لە پارێزگای نەینەوا و ناوچەکانی دیکە.