لە ٢٠٢٣ـوە زیاتر لە شەش تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە

کوردستان

بۆکس میدیاــــــــــ

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی تەمووزی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە ئەقڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە هاوبەشی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئاماری توندوتیژ و کار و چالاکییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، زیاتر لە شەش تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و زیاتر لە هەزار باندی بازرگانیش هەڵوەشێنراونەتەوە.
 
عەمید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە شاری سلێمانی بەرێوەچووکۆمەڵێک ئاماری مەترسیدار و گرنگی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق خستەڕوو.
 
بەپێی ئەو ئامارانە لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لە عێراق دەستبەسەر شەش تۆن و ٨٠٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە، لە کاتێکدایە لە ساڵانی پێشتردا (خوار ساڵی ٢٠٢٢) تەنیا دوو تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
 

بەهادلی ڕاشیگەیاند، بە پشتگیریی دادگا، توانیویانە هەزار و ٧٨٠ تۆڕ و باندی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێننەوە و ١٩٠ سکاڵای نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان تۆمار کراون و نزیکەی ٣٨٠ بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تۆمەتباران دەرچووە و هەزار و ٥٠٠ سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بەسەر تاوانباراندا سەپێنراوە.

 لە بارەی لایەنی مرۆیی و چارەسەرکردنی تووشبووانەوە، بەهادلی ڕایگەیاند، کە ١٦ ناوەند بۆ چارەسەرکردنی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان دروستکراون و تاوەکو ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار و ٥١٩ ئاڵوودەبووی لەخۆگرتووە،وتیشی، ئامارەکانی ئەم بەڵایە، بە جۆرێک لە جۆرەکان تەواوی چین و توێژە جیاوازەکانی عیراقی دووچاری ئاڵودەبوون کردووەتەوە.

 سەبارەت بەوەی کە ئاڵوودەبوون هەموو توێژەکانی گرتووەتەوە، باسی لەوەکرد، لەو ژمارانە ١٠ کەس کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرن، دووی دیکەش دکتۆرن، لە هەمانکارتیشدا ٢٤٠ کەسی تر خاوەنی بڕوانامەی بەکالوریوس و ١٠٧ـی تریش هەڵگری بڕوانامەی دیپلۆمن و پێنج هەزاری تریش فەرمانبەرن.