پێنتاگۆن: ژمارەی بریندارانی جەنگی ئێران گەیشتووەتە 624 سەرباز

جیهان

بۆکس میدیاــــــــ

رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' بڵاوی کردەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) شێوازی بڵاوکردنەوەی ئاماری قوربانییانی جەنگی ئێرانی گۆڕیوە و ژمارەی سەربازە کوژراو و بریندارەکانی لە دوو پەڕەی جیادا بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش دەستگەیشتن بە ئاماری گشتیی زیانە گیانییەکانی قورستر کردووە.

دابەشکردنی ئامارەکان: پێنتاگۆن ئاماری قوربانییانی دوای 7ـی تەممووز (دوای هەڵوەشانەوەی یاداشتی لێکگەیشتن و دەستپێکردنەوەی جەنگ) لە ئامارەکانی سەرەتای جەنگەکە جیاکردووەتەوە و لە پەڕەیەکی نوێدا بە ناوی 'قوربانییانی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات' بڵاوی کردووەتەوە.

ئەم دەستکارییانە پاش ئەوە هاتن کە پێنتاگۆن رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە بە تۆمەتی کەمپیشاندانی ژمارەی راستەقینەی قوربانییان و شاردنەوەی زانیاریی چەندین هێرشی ئێران بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان.

بەپێی دواین زانیارییەکان، ئاماری زیانە گیانییەکان بەم شێوەیەیە:

لە ئامارەکەی پێنتاگۆن دا هاتووە، 14 کوژراو لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی 'داستانی تووڕەیی' و 4 کوژراو لە جەنگی ئێستا.

هەروەها دوای 7ـی تەممووز 207 سەرباز بریندار بوون. واتە کۆی گشتیی برینداران لە سەرەتای جەنگەوە لە 28ـی شوبات گەیشتووەتە 624 سەرباز.

سەرەڕای ئەوەی هەفتەی رابردوو شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ژمارەی برینداران لە 7ـی تەممووزەوە کەمترە لە 100 کەس و تۆمەتەکانی شاردنەوەی راستییەکانی رەتکردبووەوە، بریکاری سکرتێری رۆژنامەوانییش کێشەکەی بۆ پچڕانی کاتیی داتاکان گەڕاندبووەوە، بەڵام گۆڕانکارییەکان نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە.