وەزیری نەوت بۆ واژووکردنی ڕێککەوتتنامەی هەناردەکردنی نەوت دەچێتە تورکیا
عێراق
بۆکس میدیاــــــــ
باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، بۆ واژووکردنی ڕێککەوتننامەی گواستنەوەی نەوتی خاو، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بەرەو تورکیا بەڕێکەوت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، بە مەبەستی واژووکردنی ڕێککەوتننامەی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق بۆ تورکیا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، بەرەو تورکیا بەڕێکەوتووە.
ڕۆژی 9ی تەمووز، ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند کە، “ھەڵسەنگاندنمان بۆ تەوەرەکانی ئەو ھاریکارییانە کرد کە دەتوانین لە بوارەکانی نەوت و غازی سروشتیدا پەرەیان پێبدەین، بەتایبەت ھێڵی بۆری نەوتی خاوی عێراق-تورکیا”.
بایراکتار دواتریش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە “گواستنهوهی نەوت لە عێراقەوە بۆ جەیهان بەردەوام دەبێت” و جەختیشی لەوە کردبوویەوە کە سەرقاڵی دارشتنەوەی ڕێککەوتنێکی نوێن لەگەڵ عێراق بۆ بەردەوامیدان بە ڕەوتی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا.