ئەنجوومەنی وەزیران میکانیزمی نوێی هەناردەی نەوت و باجی گومرگیی پەسەندکرد

عێراق

بۆکس میدیاــــــ

لە پانزەیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی کۆمەڵێک بڕیار دەرچوون تێیدا جەخت لەسەر زیادکردنی تواناکانی هەناردەکردن و هاوردەکردن و پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات کراوەتەوە، هاوکات دەسەڵاتی تەواو دراوەتە وەزارەتی نەوت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکان و دۆزینەوەی ڕێڕەوی نوێی گواستنەوە بۆ نەوتی عێراق لە ڕێگەی دەروازە جیاوازەکانەوە.

زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێی ئابوورییەوە کە تێیدا لە یەکی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە هیچ هاوردەکارێک ناتوانێت پارە بۆ دەرەوە حەواڵە بکات، تاوەکو پێشوەختە باج و ڕسومی گومرگی لە ڕێگەی سیستەمی ئەسیکۆدا و پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە نەدات.

لە میانی کۆبونەوەکەدا ئەم بڕیارانە جێبەجێ کران ،یەکی تشرینی یەکەم وەک وادەی دەستپێکردنی وەرگرتنی پێشوەختەی ڕەسمی گومرگی و باج دیاریکرا،بڕیاردرا بە لابردنی پاڵپشتیی نرخ لەسەر بەرهەمە نەوتییەکان جگە لە سووتەمەنییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیان،وەزیری نەوت دەسەڵاتی فراوانکردنی ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی پێدرا،میکانیزمی نوێی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ ماوەی سێ مانگ پەسەندکرا.

ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی کەرتی نەوتەوە کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد کە تیاید کڕینی نەوتی خاو بەپێی نرخی سۆمۆ یان نرخی ناو بودجە بە داشکاندنی 30% دەبێت،لە یەکی ئەیلوولی 2026ـەوە پاڵپشتیی نرخ لەسەر بەرهەمە نەوتییەکانی سەرجەم کەرتەکان لادەبرێت، جگە لە بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و غازی شل،گرێبەستی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیا جیهانی و ناوخۆییەکانەوە بۆ ماوەی سێ مانگ دەبێت و لە یەکی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات،وەزیری نەوت دەسەڵاتی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی پێدراوە لە کاتی پێویستدا بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر قەیرانێکی سووتەمەنی.

لە درێژەی بڕیارەکانیداحکومەتی عێراق بڕیاریداوە پڕۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ توندتر بکاتەوە؛ بەپێی بڕیارە نوێیەکە، هاوردەکاران دەبێت بڕی پارەی گواستنەوەی دەرەکی لە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان دابنێن و پارەکە ناگوێزرێتەوە تاوەکو ڕەسمی گومرگی و ئەماناتی باجی خەمڵێنراو نەدەن. ئەم سیستەمە ئامانجی ڕێکخستنەوەی بازاڕ و ڕێگریکردنە لە فێڵی باجی، و لە یەکی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.