سەرچاوە ئاگادارەکان: رەنگە تاران شەڕ لەگەڵ واشنتن بەرەو ئەوروپا ببات

جیهان

بۆکس میدیاــــــــ

لەگەڵ داخستنی دەرگای دانوستانەکانی ئەمریکا بەهۆی پێداگری ئێران لەسەر مەرج و هەڵوێستەکانی، وادیارە دۆخەکە ئامادەیە بۆ پەرەسەندن، سەرچاوە ئاگادارەکانی ئێران ئاشکرایان کرد، تاران بیر لە بە ئامانج گرتنی شوێنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا دەکاتەوە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ململانێکان پەرە پێبدات.

دو سەرچاوەی ئاگادار لە بازنەکانی بڕیاردان لە ئێران بە رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز-یان ڕاگەیاندوە، هێزەکانی ئێران بژاردەی لێدانی سەروەت و سامانی سەربازیی ئەمریکایان لە وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا وەک بولگاریا هەڵسەنگاندوە کە مانگی ڕابردو رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕێگەدان بە بەکارهێنانی بنکەی ئاسمانی بێزمار بۆ پڕکردنەوەی سوتەمەنی فڕۆکەکانی ئەمریکا.

به‌گوێره‌ی وته‌ی ئەو دو سەرچاوەیە، ئەو هێرشەی ئێران کە مانگی رابردو بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران، وردترین هێرشی دورمەودا بو کە ئێران تا ئێستا ئەنجامی داوە.

هەروەها یەکێک لە سەرچاوەکان بە پەیامێک بۆ ئەوروپا ناویبرد، کە دەتوانرێت بە موشەک بکرێتە ئامانج، بۆیە پێویستە لەوە تێبگات کە لەم شەڕەدا لە کوێ وەستاوە، "هەر هەڵەیەکی گەورە، وەک ئامانجکردنی ژێرخانی ئێمە، دەتوانێت شەڕەکە پاڵ بنێتە دەرەوەی ناوچەکە و بەرەو ئەوروپا".

پێشتر واشنتن، تارانی بەوە تۆمەتبارکردبو کە چەند موشەکێکی بەرەو بنکەی سەربازی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی هه‌ڵدا کە نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر لێیەوە دورە، بەڵام هیچیان نەگەیشتنە ئامانجەکەیان.

هەروەها تورکیا لە مانگی ئازاری رابردودا رایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناتۆ چەند موشەکێکی بالیستیکی ڕاگرتوە کە لە ئێرانەوە هەڵدرابون، هاوکات بنکەی ئاسمانی بریتانیا لە ئەکرۆتیری لە قوبرس لە هەمان مانگدا لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر. 

بەرپرسانی ڕۆژئاوا لەوکاتەدا رایانگەیاندبو، گومانیان هەیە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانی بێت و لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی تاران لە ناوچەکە هەڵدرابێت، نەک ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، سروشتی وەڵامدانەوەی ئێران بەندە بە هەنگاوەکانی داهاتوی واشنتنەوە. سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، "رێژیمی ئێران پلانێک بۆ پەرەسەندنی ململانێکان ئامادە دەکات ئەگەر ترەمپ هەڕەشەکانی پێشوی بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئێران ئەنجام بدات".

یەکێک لە سەرچاوەکان رونیكرده‌وه‌، قوبرس کە لە مانگی (ئازار/3)دا بنکەیەکی بریتانی لە لایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کراوەتە سەر، هەروەها لە ئامانجە ئەگەرییەکانی هەر کارێکی تۆڵەسەندنەوەدایە ئەگەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دەستپێبکرێتەوە.