ئهلمۆنیتۆر: لەکاتێکدا هەرێم روبەڕوی هێرش دهبێتهوه، ئهمریكا ئامادهكاری بۆ كشانهوهی تەواوهتی دهكات
کوردستان
بۆکس میدیاـــــــــ
ماڵپهڕی ئهلمۆنیتۆر لهزاری سەرچاوەکان بڵاویكردهوه، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت، کە موشەک، درۆن و کەرەستە ئاسمانییەکانی دیكهی نەیار دەدۆزێتەوە و تێکیان دەشکێنێت، پێشتر لە بنکە سەربازییەکە گوازراونهتهوه، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخەنەڕو.
ئاماژهی بهوهشكردوه، کشانەوەکە هەفتەی رابردو دەستی پێکردوە و بەردەوامە و زۆرینەی هێزەکانی ئەمریکا و کەرەستە قورسەکانیان كشێنراونهتهوه، سەرچاوەکان دهڵێن، "هەمو پاتریۆتە دژە موشەکەکان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و سیستمی دیكهی بەرگریی لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە".
بەرپرسانی ناوخۆیی کشانەوەکەیان بە ئاسایی و هاوتەریب لەگەڵ پابەندبونی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی سەرجەم هێزەکانی لە عێراق تا مۆڵەتی 30ی (ئەیلول/9) کە لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنی لەسەرکراوە، وەسف کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، لەکاتێکدا کە هێرشەکانی ئێران و میلیشیا بریکارەکانی لە دژی عێراق و بە تایبەت هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامن، ئەم کشانەوەیە وایکردوە کورد هەست بە بێپەناییەکی زۆر بکات.
کاپتن تیم هاوکینز، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ڕەتیکردەوە لێدوان لەسەر هەر جوڵەیەکی سەربازیی بەردەوام بدات، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکارییەکەی ئەلمۆنیتۆریان بۆ لێدوان نەدایەوە.
لە کاتێکدا سیستمی پاتریۆت بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا جێگیر کرابون، بەڵام کوردیش زۆر سودی لەو چەترە ئەمنییە وەرگرتوە. فڕۆکەخانەی هەولێر لە سەرەتای ململانێکانی ئێرانەوە لە مانگی شوباتەوە، لەوانەش لە ههفتهی رابردودا، روبەڕوی هێرشی بەردەوامی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران بوەوە. سەرچاوەکان دەڵێن، سیستمی بەرگریی ئەمریکی بە سەرکەوتویی لانیکەم 95%ی ئەو هێرشانەی پەکخستوە.
زۆرینەی هێرشەکانی ئێران و میلیشیاکان گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێرانیان لە هەرێمی کوردستان کردوەتە ئامانج. لەگەڵ ئەوەشدا، بنکەی هەولێر چەندین جار کراوەتە ئامانج. مەودای کارکردنی پاتریۆت لە نێوان 60 بۆ 100 میلدا (100 بۆ 160 کیلۆمەتر)یە.
بهگوێرهی راپۆرتهكه، "بردنی سیستمی پاتریۆت شمشێرێکی دو دەمە، لە لایەکەوە هێزەکانی سەر زەوی دەپارێزن، بەڵام لە لایەکی تریشەوە خۆیان بونەتە ئامانج". مایکل نایتس، سەرۆکی توێژینەوە لە کۆمپانیای ڕاوێژکاری "هۆرایزن ئێنگەیج" لە نیویۆرک، بە ئەلمۆنیتۆری راگەیاند، کشانەوەی ئەمریکا بە مانای کۆتایی هاتنی هاوکاری سەربازیی ئەمریکا و عێراق نایەت، چونکە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە شوێنی نهێنی و کەمتر دیاردا جێگیرکراون.