ئەکسیۆس: ڕێککەوتنێک بۆ دوبارەکردنەوەی گەروی هورمز نزیک دەبێتەوە
جیهان
بۆکس میدیاــــــــ
ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری عومان، نزیکن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ دوبارە کردنەوەی گەروی هورمز، لە هەنگاوێکدا کە ئامانجی جێگیرکردنی ئاگربەست لە نێوان هەردولادا و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە.
ماڵپەڕەکە لە زاری دو سەرچاوەی هەرێمی و بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویكردەوە، ئەمریکا ئامانجی بوە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنێت ئەگەر تەواو بو، دوای دانوستانێک کە چەند هەفتەیەکی خایاند، ئاماژەی بەوەشکردوە کە ترەمپ ڕۆژی شەممەی ڕابردو بڕیاریدا جێبەجێکردنی هەڵمەتێکی بۆردومانی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دوابخات بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بکاتەوە، لەگەڵ هێشتنەوەی بژاردەی سەربازی لەسەر مێز ئەگەر دانوستانەکان شکستیانهێنا.
بەپێی ئەکسیۆس، ڕەشنوسی ڕێککەوتنەکە کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ڕێکخستنێکی کاتی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە نێوان عومان و ئێران لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی، و ڕێکخستنی جوڵەی دەریاوانی لە گەروی هورمزدا دەگرێتەوە بە شێوەیەک کە ئەو کەشتیانەی بەرەو کەنداو دەچن لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی باکوری ناو ئاوەکانی ئێراندا تێپەڕن، لە کاتێکدا ئەو کەشتیانەی بەرەو دەریای عەرەب دەچن ڕێڕەوێکی باشوری ناو ئاوەکانی عومان دەگرنە بەر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران.
بەپێی ماڵپەڕەکە، ڕەشنوسەکە دەڵێت لە ماوەی ڕێککەوتنەکەدا هیچ ڕەسم یان باجێک ناسەپێنرێت، و کار دەکرێت بۆ لابردنی مینە دەریاییەکان لە ڕێڕەوی ناوەڕاستی گەروەکە لە ماوەی 30 ڕۆژدا.
ئەکسیۆس ڕونیکردەوە، کۆشکی سپی و نێوەندگیرە عومانییەکان و هاوبەشە هەرێمییەکان سێ هەفتە لەمەوبەر پێیان وابو کە گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوشێوە، بەڵام ئێران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان دەستپێکردەوە، ئەمەش بوە هۆی دو هەفتە شەڕ و خەریک بو جەنگێکی گشتگیر هەڵگیرسێت، پێش ئەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەستپێبکەنەوە.
ماڵپەڕەکە لە زاری دو سەرچاوەی هەرێمییەوە بڵاویکردەوە، عێراقچی لە کۆتایی هەفتەدا لە بنەڕەتدا ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنەکە نیشانداوە، بەڵام چاوەڕێی تەواوبونی ڕەزامەندییەکان بوە لە ناو سەرکردایەتی ئێراندا.
تاكو ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لە واشنتن یان تاران دەرنەچوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە پشتڕاست بکاتەوە، هەروەها هەندێک وردەکارییەکەی هێشتا جێگەی دانوستانن، بەپێی ئەوەی سەرچاوەکانی دیکەی ئاگادار لە گفتوگۆکان بڵاویانکردوەتەوە.