کۆریای باکور هۆشداریی "بژاردەی سەربازی" دەداتە ژاپۆن
جیهان
بۆکس میدیاـــــــ
کۆریای باکور هۆشداری دەداتە ژاپۆن و هەڕەشەی گرتنەبەری "بژاردەی سەربازی زیادە" دەکات لە وەڵامی هەوڵەکانی تۆکیۆ بۆ پڕچەککردنەوەی سوپاکەی بە هاوکاری ئەمریکا. خوشکی ڕێبەری کۆریای باکور دەڵێت، "ژاپۆن خەریکە دەبێتەوە بە دەوڵەتێکی جەنگی و ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە".
کیم یۆ جونگ، خوشکی کیم جۆنگ ئونی ڕێبەری کۆریای باکور لە بەیاننامەیەکدا كە ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، دەڵێت، جوڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ژاپۆن، بەتایبەت تاقیکردنەوەی موشەکی تۆماهۆک و بەشداری لە مانۆڕەکانی ئەمریکا، ئاراستەیەکی خێران بەرەو فراوانبونی پێگەی سەربازی.
ئاماژەی بەوەشكرد، ژاپۆن ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دوبارە ببێتەوە بە دەوڵەتێکی جەنگی و هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانی توانای "هێرشی پێشوەختە" چونەتە قۆناغی جێبەجێکردنی ڕاستەقینەوە.
خوشكی ڕێبەری كۆریای باكور باسی لەوەشكردوە، ئەمریکا هاندەری سەرەکیی ئەم دۆخەیە و هەریەکە لە ژاپۆن و کۆریای باشور وەک "هێزی شۆک" لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن بەکاردەهێنێت. ئەم جۆرە هاوپەیمانییە و پڕچەککردنی وڵاتانی ناوچەکە، زیانی ڕاستەوخۆ بە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی وڵاتانی دراوسێ و سەقامگیری ناوچەکە دەگەیەنێت.
دەشڵێت، "کۆریای باکور بەرامبەر ئەم گەشەسەندنە سەربازییەی ژاپۆن بێدەنگ نابێت و بە هەڕەشەیەکی مەترسیداری دەبینێت. لە ئێستادا سەرکردایەتی سەربازی وڵاتەکە خەریکی داڕشتنی چەندین "بژاردەی سەربازی"یە، وەک وەڵامێکی پێویست بۆ ئەو گۆڕانکارییە مەترسیدارانەی کە لە سیاسەتی بەرگری و سەربازیی ژاپۆندا هاتونەتە ئاراوە.