پزیشكیان: هەندێک کەس لهناوخۆی ئێراندا پێداگری لەسەر شەڕ دەكەن، وهك ئهوهی ئیسرائیل دهیهوێت
جیهان
بۆکس میدیاــــــــــ
مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگهیاند، دەست لە پۆستەکەی ناکێشێتەوە، جەختیشی لە پابەندبونی خۆی بە سەرکردایەتی کردەوە سەرەڕای هەمو ئەو فشار و ئاستەنگانەی لەبەردەم حکومەتەکەیدایە، دهشڵێت، "هەندێک کەس لهناوخۆدا بەردەوام پێداگری لەسەر شەڕ دەكەن، ئەوەش رێک ئەوەیە کە ئیسرائیل دەیەوێت، ئەگەر زۆرمان لێبکەن بۆ خۆڕادەستکردن، شەڕ دەکەین، پاشەکشە ناکەین و سەریش دانانەنوێنین، بەڵام کاتێک دەتوانین مافەکانمان مسۆگەربكەین، بۆچی درێژە بە ململانێ بدەین".
مهسعود پزیشكیان لە وتارێكدا رۆژی ههینی رایگهیاند، "بە نوسراو رایدەگەیەنم کە دەست لە کارناکێشمەوە و لە بەرامبەر هەمو ئاستەنگەکاندا بە توندی دەوەستم و بە وردی بۆ خەڵک ڕون دەکەینەوە کە شتەکان چۆن دەڕۆن".
پزیشكیان لە میانەی وتارەکەیدا ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبارکرد کە هەوڵی کۆکردنەوەی دەوڵەتانی کەنداو لە دژی تاران دەدەن، دهیانهوێت سود لە دوبەرەکییە ناوخۆییەکانی ئێران بۆ لاوازکردنی پێگەی ئێران وهبگرن، وتی "ئێمە ڕوبەڕوی تەحەدای ناوخۆیی دەبینەوە، چونکە دیدگامان جیاوازە و ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان ئەمە دەقۆزنەوە".
ناوبراو پرسیاری لە سەرچاوەی هێرشەکانی پێشوتر کرد کە وڵاتەکەی کردبوە ئامانج و وتی، "هێرش بۆ سەر بنکەکانمان لەو وڵاتە ئیسلامیانە دەستیپێکرد کە ئێمە بە دۆستی خۆمان دەزانین، هەروەک چۆن لە هێرشەکەی سەر قوتابخانەی مینابدا ڕویدا، بۆچی ئەو وڵاتانە ڕێگە بە ئەمریکا دەدەن بنکەی سەربازی دابمەزرێنێت کە لێیەوە هێرش بکاتە سەرمان؟".
سهرۆك كۆماری ئێران جەختی لە رەتکردنەوەی ڕەهای خۆی لە زەلیلکردن و هەژمونی کردەوە و دەشڵێت، "ملکەچی نادادپەروەری نابین". ناوبراو هەوڵەکانی چەکداماڵینی ئێرانی شەرمەزار کرد.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرچەشنە تەماحێکی فراوانخوازی ڕەتکردەوە و پێگەی وڵاتەکەی لە "هەوڵە زایۆنییەکان بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلی گەورە" جیاکردەوە و دراوسێکانی ئێرانی بە "برا" وەسف کرد.