ئۆكرانیا له‌ڕێگه‌ی 512 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه هێرشیكرده‌سه‌ر روسیا
جیهان
بۆکس میدیاـــــــــ
وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕوسیا ڕایگه‌یاند، سیسته‌مه‌كانی به‌رگریی ئاسمانیی ئه‌و وڵاته له ماوه‌ی شه‌وی رابردودا توانیویانه 512 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی هێرشبه‌ری ئۆكرانی له ئاسمانی چه‌ندین ناوچه و هه‌رێمی جیاوازی فیدراسیۆنی ڕوسیا ده‌ستنیشان بكه‌ن، تێكیان بشكێنن و به‌رپه‌رچیان بده‌نه‌وه.
به‌پێی به‌یاننامه‌ی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕوسیا، هێزه‌كانی ئۆكرانیا هه‌وڵیان داوه له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی له فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه هێرشێكی به‌رفراوان و هاوكات بكه‌نه سه‌ر دامه‌زراوه هه‌ستیاره‌كان، به‌ڵام یه‌كه‌كانی به‌رگریی ئاسمانی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كه‌تیبه‌كانی جه‌نگی ئه‌لیكترۆنی ڕێگرییان له سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كان كردوه.
ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، ئه‌و فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانانه به‌سه‌ر ئاسمانی هه‌رێمه سنورییه‌كان و ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی ڕوسیادا خراونه‌ته خواره‌وه، له‌وانه هه‌رێمه‌كانی بێلگۆرۆد، كۆرسك، بریانسك، ڤۆرۆنیژ، كالوگا، ئۆریۆڵ، تولا، هه‌روه‌ها له ئاسمانی نیمچه‌دورگه‌ی قرم و كه‌ناراوه‌كانی هه‌ردو ده‌ریای ڕه‌ش و ده‌ریای ئازۆڤدا.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕوسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، سیسته‌مه پێشكه‌وتوه‌كانی به‌رگریی كورت و مامناوه‌ندمه‌ودا، له سه‌رویانه‌وه سیسته‌می پانتسیر و سه‌كۆ موشه‌كییه گه‌ڕۆكه‌كان، ڕۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان بینیوه له ڕاوكردن و تێكشكاندنی درۆنه‌كان پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئامانجه دیاریكراوه‌كانیان.
مۆسكۆ ئه‌مجۆره هێرشانه‌ی به هه‌وڵی تیرۆریستیی بێ‌ئاكام وه‌سف كرد كه به وته‌ی به‌رپرسانی سه‌ربازیی ڕوسیا، به مه‌به‌ستی لێدانی ژێرخانی مه‌ده‌نی، وێستگه‌كانی وزه، تانكییه‌كانی سوته‌مه‌نی و ترساندنی دانیشتوانی ناوچه مه‌ده‌نییه‌كان ئه‌نجام دراون، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكی گه‌وره‌ی گیانی یان ماددی له شوێنی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی پارچه‌كانیان لێ بكه‌وێته‌وه.
چڕكردنه‌وه‌ی هێرشه درۆنییه‌كانی ئۆكرانیا بۆ ناو خاكی ڕوسیا، به‌شێكه له گۆڕینی هاوكێشه‌ی جه‌نگ له لایه‌ن كیێڤه‌وه؛ به‌جۆرێك له ڕێگه‌ی ناردنی سه‌دان فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی هه‌رزانبه‌ها به ئاڕاسته‌ی جیاواز، هه‌وڵ ده‌دات سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانیی ڕوسیا سه‌رقاڵ و شه‌كه‌ت بكات، له هه‌مانكاتدا خاڵه لاوازه‌كانی چاودێریی ڕاداری بدۆزێته‌وه تاكو زیان به بنكه ئاسمانییه‌كان، پاڵاوگه‌كانی نه‌وت و هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی لۆجستیی سوپای ڕوسیا بگه‌یه‌نێت.