نوری مالیکی: تاکە چارەسەر بۆ ڕزگاربون لەقەیرانەکان گۆڕینی سیستەمە بۆ سەرۆکایەتی

عێراق
437 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆکس هەواڵ ـ 

جارێکی دیکە لەزاری نوری مالیکی، گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی لەعێراق لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی دێتەوە بەرباس، مالیکی دەڵێت، "تاکە چارەسەر بۆ ڕزگاربون لەقەیرانەکانی ئێستای عێراق، گۆڕینی سیستەمە بۆ سەرۆکایەتی"، چاودێرانى سیاسی‌و یاساییش پێیانوایه‌، بەبێ کۆدەنگی نیشتمانی ناکرێت سیستەم بگۆڕدرێت‌و کۆدەنگی نیشتمانیش بۆ ئەم پرسە بەدینایەت.

سەرچاوەیەک لەلایەنە شیعییەکان بەمیدیای عەرەبی وتوە، "نوری مالیکی بۆیە هەوڵی هەمواری دەستور بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانیی دەدات، چونکە خۆی بەشایستەی ئەوە دەبینێت کە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە دەسەڵاتی حکومڕانی، بەڵام بەوتەی ئەو سەرچاوەیە لایەنەکانی دیکە لەپێناو خۆدزینەوەیان لەئەستۆگرتنی شکستی حکومڕانی بیر لەسیستەمی سەرۆکایەتی دەکەنەوە".

محەمەد عەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق وتویه‌تى:"گۆڕینی سیستەمی سیاسی پێویستی بەڕێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکان هەیە، بەڵام بەبۆچوونی من گەیشتن بەڕێککەوتن ئاسان نییە، چونکە لایەنەکان نەیانتوانیوە چارەسەریان بۆ کێشە سادەکان هەبێت، لەوانە دۆسیەی سەرۆکی پەرلەمان کە چەند مانگێکە بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، لۆژیکی بەهێزیی‌و لاوازیی، پاڵنەری بیرۆکەی گۆڕینی سیستەمی سیاسییە بەوپێیەی هەندێک لایەن دەیانەوێت بەپێگەی زیاتر بگەن".

محەمەد عامری شیکەرەوەی یاسایی باسى له‌وه‌كردوه‌، "سیستەمی سیاسی لەعێراق لەپێشکەوتوترین سیستەمە سیاسییەکانی جیهانە، بەڵام گروپ‌و میلیشیاکان بێ ڕۆڵیان کردوە، بەهۆی گەندەڵی دارایی گەورە سیستەمی پەرلەمانی لەعێراق شکستیهێناوە، بەڵام لەهەمانکاتدا عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوەو فرە کولتورە، سیستەمی سەرۆکایەتی ناتوانێت لەخزمەت گەلانی عێراقدابێت‌و ئەزمونیش ئەوەی سەلماندوە کە ئەم سیستەمە بەرەو دکتاتۆریەت دەچێت".