عێراق 12 هێلیکۆپتەری جەنگیی لەفەڕەنسا دەكرێت

عێراق
725 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆکس هەواڵ ـ 

عێراق  لەگەڵ کۆمپانیای ئەیرباسی ئەوروپی گەیشتە ڕێککەوتن بۆ کڕینی 12 هەلیکۆپتەری شەڕکەری کاراکال H225M ی فڕە رۆڵ، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە.

 ڕێککەوتنەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە بارەگای وەزارەتی بەرگریی لە بەغدا و بە ئامادەبوونی سابت عەباسی وەزیری بەرگری عێراق و پاتریک دورێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق واژۆ کرا.

بەڕێوەبەری لقی هێلیکۆپتەرەکانی ئەیرباس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئارنۆ مۆنتالڤۆ دووپاتیکردەوە کە گەیاندنەکە لە سەرەتای ساڵی 2025 دەستپێدەکات، باڵیۆزی فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێککەوتنەکە دەرئەنجامی گفتوگۆ درێژخایەنەکانی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانیە،  کە بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی تواناکانی هێزی ئاسمانیی عێراق و پاراستنی سەروەرییەکەی.

ئەم ڕێککەوتنە دوای ئەو گفتوگۆیانە دێت کە لە مانگی یەکی ساڵی 2023 لەلایەن سودانی لە پاریس ئەنجامدرا سەبارەت بە ئەگەری کڕینی ڕادار و فڕۆکەی جەنگیی و کۆپتەری سەربازیی لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان.