نوری مالیکی؛ دەستوەردانی ئەمریکا لە عێراق رەتدەکەینەوە
عێراق
بۆکس هەواڵ ــــــ
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، دەستوەردانی “ئاشکرا”ـی ئەمریکا لە کاروباری عێراق بەتەواوی رەتدەکەنەوە.
نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ئێمە بەتوندی دەستوەردانی ئاشكرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق رەتدەکەینەوە.
ئەم کارە بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵات و دەستدرێژیکردنە سەر بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران دەزانین.
ئاماژەی بەوەشکرد، زمانی گفتوگۆ لەنێوان وڵاتان، تاکە بژاردەی سیاسییە بۆ مامەڵەکردن، نەک پەنابردن بۆ زمانی فەرمان و هەڕەشەکردن. لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مالکی نووسیویەتی، “لەبەر رێزگرتن لە ئیرادەی نیشتمانی و بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، بەردەوامدەبین لە کارکردن تا گەیشتن بە ئەنجام، بە جۆرێک بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت”.
ئەم پەیامەی نوری مالکی پاش ئەوە دێت، شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا رایگەیاند، ئەگەر مالکی بکرێتەوە بە سەرۆکوەزیران، ئەوا عێراق کارێکی هەڵە دەکات و ئەمریکا هەموو هاوکارییەکانی بۆ ئەو وڵاتە رادەگرێت.