لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەولێر بە 11ـهەمین شار دادەنرێت لە روی پیسی هەواوە

کوردستان

بۆکس هەواڵ ـــ

عێراق یەکێک لەو پێنج وڵاتانەیە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی ئاو و هەوای لەسەرە و لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن هەوا و ژینگەیەکی پیسە و ڕۆژانە بڕیار و ڕێنماییەکان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە دەردەچن، بەپێی ڕاپۆڕتە نێودەوڵەتییەکانیش هەولێر بە 11ـهەمین شار هەژمار دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی پیسی هەواوە.

 دکتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد شارەزا لە بواری وزەی نوێبوەوە و مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لەبارەی پسیبوونی هەواوە دەڵێت: "بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لە زانکۆکان کراوە هەواکەمان پیسە و ئەو ماددە زیانبەخشانەی کە لە هەوای هەرێمی کوردستان و بە تایبەت هەولێر هەیە، ئاماژەی مەترسیدارن و داهاتوویەکی خراپتر چاوەڕێمان دەکات ئەگەر کاری لەسەر نەکرێت و هەوڵی کەمکردنەەوەی نەدرێت".

 دەشڵێت: سەرچاوەکان بەکارهێنانی سووتەمەنییەکانن ئەوانەی کاربۆن و دووەم ئۆکیسدی کاربۆن لە هەوادا بڵاودەکەنەوە لەگەڵ کۆمەڵێک مەوادی دیکەی کیمایی ئەوانە ئاماژەن کە لە ژینگەیەکی خراپداین و کەشوهەواکەمان خراپ بووە و ئەگەر لێیگەڕێن کارەسات و مەترسی گەورەتر لەئارادایە، چونکە ئەو ستانداردەی کە بۆ پێوانەی هەوای پاک دیارییکراوە، هەوای هەرێمی کوردستان زۆر لەو پلەیە تێپەڕیووە و ئاستەکەی چەند هێندەی ڕێپێدراوەکانە کە لە ستانداردە جیهانییەکاندا هەیە، بێگومان ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر داهاتوی هه‌رێم.

 دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا 15 رێنماییان دەرکردوە لەسەر پاراستن و چاککردنی ژینگە، لە ماوەکانی ڕابردو هەوڵەکانی حکووەت چڕکراوەتەوە لەسەر باشکردنی کوالێتی هەوا و لەم چوارچێوەیەشدا ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر ئەو کۆمپانیایانەی کە کەمتەرخەم بوونە و پابەند نین.

 هه‌روه‌ها لەسەر ئاستی ھەرێمدا هەبوونی کارگەنایاساییەکانی بەرپرسانی هەولێر بەیەکەمین هۆکار دادەنرێت بۆ پیسبوونی ژینگەی شارەکەو بووەتە هەڕەشەی گەورە بۆ توشبوون بە جۆرەکانی شێرپەنجە.

1595 جار خوێندراوه‌ته‌وه