ئەدهەم بارزانی: ئەو بەعسیانەی کوردیان ئەنفال و کیمیاباران کرد دەبێت لە هەولێر دەربکرێن
کوردستان

بۆکس هەواڵ ـــــ
ئەدهەم بارزانی کەسایەتی سیاسی دیاری کوردستان بەبۆنەی 42 ساڵەی یادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "دروست ئەمڕۆ چل و دوو ساڵ بە سەر تاوانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا تێدەپەڕێت کە هەزاران مرۆڤی بێتاوان، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بوون لە کردەووەیەکی دڕندانەدا كۆمەڵكوژ کران، بۆیە ئەو کارە نامرۆڤانە بۆ هەمیشە ئیدانەو ڕسوا دەکەم."
لە پەیامەکەیدا ئەوەش هاتووە، "پێویستە حكومەتی ئێستای عێراق قەرەبووی ماددی سەرجەم کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی هەموو ئەو تاوانانە بکاتەوە کە لە ڕابردوودا لەلایەن حکومەتی عێراقی بەعسەوە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون."
ئەدهەم بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، "دەبێت ئەو بەعسیانەی کوردستانیانی ئەنفال و کیمیاباران و بارزانییەکانیان جینۆساید کرد، کە ئێستا ژمارەیەکی زۆریان لە هەولێر و شوێنەکانی تری کوردستان نیشتەجێن، پێویستە بە زوترین کات لە پێش چاوی جەماوەری کوردستان و میللەتی بارزان و بۆسارێژکردنی برینی مەعنەوی و گەڕاندنەوەی کەرامەتی کەس و کاری قوربانیان لەم شارە و هەموو شوێنەکانی تر دەربکرێن."
دەشڵێت، "لە ڕابردودا بەرپرسانی دەسەڵاتی هەولێر بە دەمی خۆیان لە میدیاکانەوە ئاماژەیان بە بوون ومانەوەی ئەو بەعسیانە کردبوو کە لە کوردستان نیشتەجێن، کە بێگومان قەرەبوی ماددی و مەعنەوی هاوسەنگی یەکن کە دەکەوێتە سەر شانی هەولێر و بەغداد."