پڕۆژەی دووسایدی دوکان بۆ چوارقوڕنە بەکوێ گەیشتووە؟

کوردستان

بۆکس هەواڵ ــــــ

ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رێگەی دوکان-چوارقوڕنە رایدەگەیەنێت، پڕۆژەکە گرنگییەکی یەکجار زۆر هەیە وەک رێگەیەکی جێگرەوە لەنێوان چەندین ناوچەدا.

قاسم محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رێگەی دوکان-چوارقوڕنە رایگەیاند، “ناوی پڕۆژەکە بریتییە لە، پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی دوکان- چوارقوڕنە، قۆناغی دوو و سێ، کە لە دوکانەوە دەستپێدەکات تاوەکو یەکتربڕی هیزۆپ و درێژییەکەی 35 کیلۆمەترە، پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدا، 25 کیلۆمەتر بووە، لەنێوان هیزۆپ-رانیە، کە ئەو قۆناغەی پڕۆژەکە تەواوبووە”.

وتیشی، “پێشتر پڕۆژەکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوو، بەڵام ئێستا بە ناوێکی نوێوە، تیایدا قۆناغی دووەم و سێیەم، بە گوژمەی 243 ملیار دینار بەیەکەوە پەیوەستکراون، کارکردن لەم قۆناغەدا لە 19ی ئابی ساڵی رابردوو دەستیپێکردووە، تاوەکو دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین کارەکان بە چڕی بەڕێوەدەچوون، بەڵام پاش بارانبارین، زیاتر دەتوانین کاری بڕین و کارکردن لە ئاوبارەکانی پڕۆژەکە ئەنجامبدەین”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەم پڕۆژەیە گرنگییەکی یەکجار زۆر هەیە، چونکە دەبێتە رێگەیەکی جێگرەوە لەنێوان سلێمانی-ئیدارەی راپەڕین، سلێمانی-هەولێر، پڕۆژەکە تاوەکو ئەمکاتەی ساڵ دەبوو %17ی تەواوبووبێت، بەڵام بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە %13ی تەواوکراوە”.