دوران كاڵكان: ئەردۆغان جگه لهكورسیهكهى دینو نەتەوهشى بهلاوه گرنگ نییه
جیهان

بۆکس هەواڵ ـ
ئەندامێكى دەستەی کارگێڕیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لهوتارێكدا ههڵسهنگاندن بۆ دۆخى ئێستاى جیهانو ڕۆژههڵاتى ناوهڕاستو دواجاریش جوڵهكانى توركیا لهبهرامبهر پرسى كورد دهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "پێویستە لەدۆخێک نەگەڕێین کە لەیەککاتدا هەموو پڕۆژەکانی ئەوان بڕوخێنین یان ئەوەتا بەتەواوی لەگەڵیان بکەوینە سازشەوەو هەموو شتێکیان پەسەند بکەین، ئەمە چاوەڕوانییەکی هەڵەیە".
دوران كاڵكان ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نوسیویهتى:"توركیا بەتەمایه بەو هێرشانەى دهیانكات بگات بەئەنجام، ئێمهش ئەگەر بتوانین ئەم هێرشانە پوچهڵبکەینەوە، ئەمە ڕێگە لەبەردەم پێشکەوتنی زۆر جیاوازیش دەکاتەوە".
بهوتهى كاڵكان، "پێویستە بەردەوام پێداچونەوە بەستراتیژو شێوازو تاکتیکەکانی خۆماندا بکەین، ئێمە کاتێک دەتوانین هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین کە پڕۆژەو هێرشەکانی ئەوان پوچەڵبکەینەوە، پێویستە شێوازی تێکۆشانی ئێمە بەشێوەیەک بێت کە پڕۆژەکانی ئەوان پوچەڵ بکاتەوە، واتە پێویستە لەدۆخێک نەگەڕێین کە لەیەککاتدا هەموو پڕۆژەکانی ئەوان بڕۆخێنین یان ئەوەتا بەتەواوی لەگەڵیان بکەوینە سازشەوەو هەموو شتێکیان پەسەندبکەین، ئەمە چاوەڕوانییەکی هەڵەیە".
جهختیشدهكاتهوه، "نە هەڵوێستێکی ڕوخێنەر ڕاستە، نە خێرا هەر شتێک پەسەند بکەی ڕاستە، پێویستە لەئاسۆی تۆدا هەمیشە تێکۆشان هەبێت، پێویستە هێزو ئیرادەو پێداگریمان بۆ تێکۆشان هەبێتو ئەمانە لەخۆماندا دروستبکەین، ئەمەش هەنگاو بەهەنگاو دەبێت، ئەوان دەیانەوێت لێمان بدەنو لەناومان ببەن، ئێمەش تائەو ڕادەیەی کە بتوانین پڕۆژەکانیان پوجەڵبکەینەوە، بەهێز دەبینو ئەوان لاواز دەکەین".
جهختیشدهكاتهوه، "ئێمە دەمانەوێت نمونەی بیرکردنەوە (پارادایم)ی ڕێبەر ئاپۆ پێکبێنین، راستی ئەم تێکۆشانەش لەڕێگهی دەستنیشانکردنی ڕاستینەی تێکۆشانو کاتو شوێنی ناکۆکیو پێکدادانەکاندا مەیسەر دەبێت، کاتی خۆی لەئەورپاش دیکتاتۆر هەبون، هەمویان ڕوخان، لەڕۆژهەڵاتی ناوینیشدا دیکتاتۆر هەن، نابێت ڕوخانی سەدام حسێن بەکەم بگرینو وەک ڕوداوێکی بچوک لێکی بدەینەوە".
ئهوهشى باسكردوه، "ئەوانەی کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ماوەی 53 ساڵ دەسەڵاتدار بون لەماوەیەکی کورتدا ڕوخان، ئەمانە هەمویان نەتەوەپەرستی توندئاژۆی عەرەب بون، نەتەوەپەرستی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە بون، وادیارە، ئەوانەی کە کەمێک نەرمترن دەرفەتی ژیانیان دەدەنێ، بۆ نمونە مەلیکەکان ناڕوخێنن، تورکیاش هەستی بەمە کردوە، ئەمە لەهەڵسوکەوتەکانی دەوڵەت باخچەلیدا ڕەنگیدایەوە، ئەردۆغان تەنها یەک شتی دەوێت، ئەویش ئەوەیە کە هەتا مردن لەدەسەڵاتەکەیدا بمێنێتە. تەیب ئەردۆغان لەوە زیاتر هیچی دیکەی ناوێت، نە دین بۆی گرنگە نە نەتەوایەتی، هیچ شتێکی نییە، خودی ئەردۆغانیش بۆ خۆی تورکیش نییە".
سهبارهت بهبهكارهێنانى وشهى تیرۆر بۆ ههر پرسێكى كوردو پهیوهست بهپهكهكهوه، كاڵكان پێیوایه، "لەڕاستیدا وادیارە دەوڵەتی ئێستای تورکیا هەندێک لەم ڕاستییە تێگەیشتوە كه بۆ کوێ دەڕواتو دەڵێت:"تیرۆر تەنها بۆ ئێمە نا، بۆ ئێوەش مەترسیدارە"، ئهم پهیامه ئاراستهى ئهمریكاو ئهوروپا دهكات، ئەو شتەشی کە ئهوان وەک تیرۆر پێناسەی دەکەن، لهڕاستیدا هزرو ڕامانی ڕێبەر ئاپۆیە، نهك هیچى تر".
زیاتر لهو ڕوهوه دهڵێت:"ئەگەر بگەڕێینەوە سەرەتای شەڕی سێهەمی جیهان، لەوکاتەشدا خێرا لەدژی پەکەکە سیاسەتی خۆیان دەستنیشانکرد، چۆن هەم نەتەوەپەرستی تورک لەکورد دەترسێتو هەمیش سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریش لەوە دەترسێت کە پەکەکە هەموو شتێکی لەدەستبگرێتو بیبات، ههربۆیه دژایەتییەکی بەمشێوەیەیان لە گەڵ ڕێبەر ئاپۆ هەیە، کینو توڕەییەکی زۆریان لەبەرامبەر پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ هەیە".