دادگای باڵای ئەمریکا قەدەغەکردنی تیکتۆکی پەسەندکرد
جیهان

بۆکس هەواڵ ــ
دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاریدا تیکتۆک لە تەواوی ئەمریکا قەدەغەبکرێت و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بڕیارەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دادگای باڵای ئەمریکا دەڵێت، هەرچەندە تیکتۆک پێگەیەکی جیاواز و فراوانە بۆ بەکارهێنەرانی ئەمریکی تاوەکو گوزارشت لە ژیانی رۆژانەی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان بکەن، بەڵام نیگەرانی کۆنگرێسیان لەبەرچاوگرتووە لەبارەی مەترسی کەوتنە سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.
بەگوێرەی بڕیارەکە، لە 19ـی ئەم مانگەوە، واتە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەغەدە دەبێت و چیتر ئەمریکییەکان ناتوانن بەرنامەکە داببەزێنە سەر ئامێرە زیرەکەکانیان.
هێشتا دیار نییە بڕیارەکە چۆن جێبەجێ دەکرێت چونکە پێشتر حکومەتی ئەمریکا هیچ پلاتفۆرمێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی قەدەغە نەکردووە.
لە ئەمریکا ژمارەی بەکارهێنەرانی تیکتۆک 170 ملیۆن کەسە و بەهۆی بڕیارەکەوە کێشەیان بۆ دروست دەبێت چونکە ئیدی وەشانی نوێی تیکتۆکیان پێناگات و بەمەش بەرنامەکە کێشەی بۆ دروست دەبێت، بەمجۆرە بەرکارهێنەران دوای ماوەیەک ناچار دەبن تیکتۆک بەکارنەهێنن یاخود هەر بیسڕنەوە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ ئیدارەی بایدن رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیای بایت دانسی چینییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، “مەترسییەکی گەورە” بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دروست دەکات.