حەماس وەڵامی هەڕەشەکەی ترەمپ دەداتەوە

جیهان

بۆکس هەواڵ ـــ

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس، وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی کردبوو رایگەیاند، تەنیا رێگە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بەرەوپێشبردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستە.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی باڵای حەماسەوە کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت بڵاویکردەوە، باشترین رێگا بۆ ئیسرائیل دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، هەنگاونانە بەرەو جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەست.

بەرپرسەکەى حەماس راشیگەیاندووە، هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ دژی خەڵکی غەززە و پشتیوانییەکانی بۆ ئیسرائیل هەوڵێکە بۆ رێگری لە رێککەوتن و ئابڵوقەدانی فەڵەستینییەکان و کوشتنیان بە برسێتی.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تروس پەیامێکى توندى ئاڕاستەى حەماس کردو لەسەرەتادا نووسیوویەتى "شالۆم حەماس" بە زمانى عیبرى بە واتای سڵاو دێت، گوتوویەتى "دەتوانیت هەڵیبژێریت. ئێستا هەموو بارمتەکان ئازاد بکە نەک دواتر، راستەوخۆ هەموو تەرمی ئەو کەسانە بگەڕێنەرەوە کە کوشتووتانە، یان ئەوەتا کارەکە بۆ ئێوە کۆتاییدێت".

ترەمپ، دەشڵێت "هەموو شتێک دەنێرم بۆ ئیسرائیل کە پێویستی پێیەتی بۆ تەواوکردنی کارەکە، یەک ئەندامی حەماسیش سەلامەت نابێت ئەگەر ئەوەی پێتان دەڵێم نەیکەین، ئەمە دوا هۆشدارییە بۆ ئێوە! بۆ سەرکردایەتی ئێستا، کاتی ئەوە هاتووە غەززە بەجێبهێڵن، لە کاتێکدا ئێوە هێشتا چانسی ئەوەتان هەیە."

564 جار خوێندراوه‌ته‌وه