قالیباف: ئێران ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا

جیهان

بۆکس هەواڵ ــــــ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام بەو مەرجەی گفتوگۆکان ڕاستگۆیانە و دوور لە سەپاندنی ئیرادە بن

. محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا تایبەتدا لەگەڵ CNN لە تاران، تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕایگەیاند: ئێران بۆ دانوستان ئامادەیە،

 بەڵام پێمان وانییە ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بەدوایدا دەگەڕێت گفتوگۆ بێت، بەڵکو ئەو تەنها دەیەوێت ئیرادەی خۆی بەسەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت.

 سەبارەت بە هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا و زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە واشنتن و وتی: لەوانەیە بەڕێز ترەمپ بتوانێت دەستپێکەری شەڕ بێت، بەڵام کۆنترۆڵی چۆنییەتی کۆتاییهاتنی ئەو شەڕەی لەدەستدا نابێت، لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران، تاران وەڵامی توندی دەبێت و ئەمەش ژیانی هەزاران سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە.

سەبارەت بە کێشە ئابوورییەکانیش، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دانی بەوەدا نا کە خراپی بەڕێوەبردن لە ناوخۆدا هەیە، بەڵام هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتیی تەنگژە ئابوورییەکانی بۆ ئەو گەمارۆ ستەمکارانەی ئەمریکا گەڕاندەوە کە خراونەتە سەر تاران
.