عەباس عێراقچی وردەکاری دانوستانەکەیان لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرادەکات
جیهان
بۆکس هەواڵ ــــــ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، تۆپەکە لە گۆڕەپانی تاراندایە و چاوەڕێی بڕیارین.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران باس لە وردەکاری دانوستانەکەی ئەمریکا و ئێران دەکات لە مەسقەت و وتی، متمانە لاوازە، بەڵام گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ بەردەوامبوون و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان لە مەسقەت باش بوو، بە سەرەتایەکی ئەرێنی دادەنرێت بۆ دانوستانەکان.
وتیشی، گفتوگۆکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەچوون و تێڕوانین و نیگەرانییەکانی هەردوولا گەیەندراون بە یەکتر و لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بەردەوام بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم گەڕەی گفتوگۆکان سەرەتایەکە دوای ماوەیەک لە ئاڵۆزی بەڵام لە نێوان هەردوولادا لاوازی متمانە هەیە و دەکرێت دانوستانەکان بە باشی بەردەوام بن، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە هەڵوێستی ئەمریکا و ئەو بڕیارانەی لە تاران دەدرێن.
باسی لەوەشکرد، لە دانوستانەکانی ئەمڕۆدا، تەنیا گفتوگۆیان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی کردووە و هیچی تر، بە ئەمەریکاشیان وتووە، هەر گفتوگۆیەک بکرێت دەبێت بەدوور بێت لە هەڕەشەکردن.