سوپای پاسداران: لە 24 کاژێردا 25 کەشتی بە 'مۆڵەتی ئێمە' بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون
جیهان
بۆکس میدیاــــــــ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە 24 کاژێردا رێگەیان بە تێپەڕبوونی 25 کەشتیی نەوت و بازرگانی داوە بە نێو گەرووی هورمزداوە و دەڵێت: "کەشتییەکان دوای وەرگرتنی مۆڵەت تێپەڕیون."
ئەمڕۆ سێشەممە 26-05-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا 25 کەشتی لە جۆرەکانی گواستنەوەی نەوت و بار و بازرگانی، بەنێو گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، ئەوەش دوای وەرگرتنی مۆڵەت و "هاوئاهەنگیی ئەمنی" لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسداران.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران دا هاتووە، "سەرەڕای ئەو نائارامییەیبەهۆی دەستدرێژییەکانی سوپای ئەمریکاوە لە گەرووی هورمز دروستبووە،هێزی دەریایی سوپا توانیویەتی رێڕۆیەکی ئارام بۆ کەشتیوانی و بەردەوامی بازرگانی جیهانی دەستەبەر بکات."
تاوەکو ئێستا سوپای پاسداران رێگە بە زیاتر لە 100 کەشت داوە کە لە گەروەکەوە تێپەڕن.
ئەم بڵاوکراوەیەی سوپا لەکاتێکدایە، لە دوای داخستن گەرووی هورمز لە مانگی ئاداری رابردووەوە، ئێران دامەزراوەیەکی بەناوی (بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز)دروستکردووە. بەگوێرەی رێنماییەکانی ئەو دامەزراوەیە، هەر کەشتییەک بیەوێت بەو رێڕەوەدا تێپەڕێت، دەبێت پێشوەختە مۆڵەت وەربگرێت وهاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای پاسداران بکات.
حکومەتی ئێرانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە "سیستەمێکی پشکنین وپەڕینەوە"یان جێگیرکردووە. بەپێی ئەم سیستمە نوێیە، تاران تەنیا رێگە بەتێپەڕبوونی کەشتیی ئەو وڵاتانە دەدات کە لە لیستی "وڵاتانی دۆست"ی ئێراندان.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، کۆنترۆڵکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکا وهاوپەیمانەکانییەوە کە چالاکییەکانی ئێران لەو ناوچەیە بە هەڕەشە بۆ سەرئاسایشی دەریاوانی دەبینن.