دو بەرپرسی ئەمریکی: ئێران ئاگاداری شوێنی مانەوەی ترەمپ بوە لە ئەنقەرە

جیهان

بۆکس میدیاـــــ

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئاشکرای کرد کە ئێران ئاگاداری شوێنی مانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوە لە ئەنقەرە، لە کاتی لوتکەی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە مانگی ڕابردودا. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئەمریکا باسیان لەوە کرد کە بەرپرسانی باڵا لە ئیدارەی ترەمپ پلانێکی فریودانی بێوێنەیان جێبەجێ کردوە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی لە وڵاتەکە بیبەنە دەرەوە، بەهۆی هەڕەشە ئەگەرییەکانی ئێران بۆ کردنە ئامانجی.

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە زاری دو بەرپرسی ئەمریکیی ئاگادار لە بابەتەکە بڵاویكردەوە، هەواڵگریی ئەمریکا چەندین زانیاری کۆکردوەتەوە کە بونی هەڕەشەیەکی دیاریکراویان پشتڕاست کردوەتەوە، ئەویش بە بەکارهێنانی موشەکی زەوی-بۆ-ئاسمان دژی فڕۆکەی "ئێر فۆرس وەن" کە ترەمپی هەڵگرتبو، هەروەها کەسێک لە دەوروبەری شوێنی لوتکەکە بینراوە کە موشەکێکی سەرشانی پێبوە.

زانیارییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، ئێرانییەکان بە تەواوی ئاگاداری شوێنی مانەوەی ترەمپ بون لە ئەنقەرە، بەو نهۆمەیشەوە کە تێیدا مابوەوە، ئەمەش بەپێی وتەی ئەو دو بەرپرسەی کە بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناویان قسەیان کردوە.

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا هەڕەشەکەیان بە ڕادەیەک بە گەورە داناوە کە وای لە ترەمپ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی کردوە پڕۆسەیەکی تەمومژاوی بێوێنە جێبەجێ بکەن. سەرۆک لەبەردەم کامێراکاندا وا دەرکەوت کە سواری فڕۆکە کۆنەکەی سەرۆکایەتی دەبێت، لەبری ئەو فڕۆکە نوێیەی کە قەتەر پێشکەشی کردبو و لە جۆری "بۆینگ 747- 8" بو کە پێی گەیشتبوە ئەوێ. 

ترەمپ ئەو ڕۆژە بە ڕۆژنامەنوسانی وت،ئەم گۆڕانکارییە "لەبەر یادگارییەکانی ڕابردو" بوە، لە کاتێکدا بە نهێنی لە ڕێگەی بارهەڵگرێکی گواستنەوەی خواردن لە فڕۆکەخانە گواستراوەتەوە، پێش ئەوەی سواری فڕۆکەیەکی سەربازی بێت و تورکیا بەجێبهێڵێت.

هەندێک لە شرۆڤەکاران لە میدیاکاندا پرسیاری ئەوەیان کرد ئایا ئەم پڕۆسەیە ژیانی یاریدەدەرانی ترەمپ و ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لەگەڵیدا گەشتیان دەکرد نەخستوەتە مەترسییەوە لەسەر ئەو فڕۆکەیەی کە وا دەزانرا سەرۆکی تێدایە. ترەمپ دوێنێ سێشەممە بە ڕۆژنامەنوسانی وت، "لە ڕاستیدا پێم وایە ئەو فڕۆکەیەی من سواری بوم لەژێر مەترسییەکی گەورەتردا بو... چونکە ئەوە ئەو فڕۆکەیە بو کە پێم وایە بە ئەگەری زۆرەوە دەبوە ئامانج".

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا دێن کە مێژویەک لە هەڕەشەكردن لە ترەمپ هەیە؛ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی 2024دا ڕوبەڕوی تەقەکردن بوەوە و فیشەکێک بەرکەوت، هەروەها لەلایەن چەکدارێکی دیکەوە لە یاریگای گۆڵفی خۆی لە فلۆریدا لە هەمان ساڵدا کرایە ئامانج. ئەو دو هەوڵە پەیوەندییان بە هەڕەشەکانی ئێرانەوە نەبو.

کەسێکیش لە کەیسی پیلانێک بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ لە بەرامبەر پارەدا مەحکوم کرا، کە ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی پێشوی ئەمریکا ئاشکرای کردبو. دەسەڵاتداران ئەو کاتە ڕایانگەیاندبو کە پیلانەکە لەلایەن لایەنە ئێرانییەکانەوە و بە هاوکاری هێزە بریکارەکانیان سەرپەرشتی کراوە.