کەشناسی: سبەی پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە

کوردستان

بۆکس میدیاــــــ

لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی نوێی گەرما بۆ ناوچەکە، پلەکانی گەرما لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆوە دەبینن و هۆشداریی توند لەبارەی تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر دەدرێت.

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، سبەی پلەکانی گەرما 1 بۆ 2 پلە بەرزتر دەبێتەوە. بەپێی پێشبینییەکان، پلەی گەرمای تۆمارکراو لە هەولێر دەبێتە 42 پلە، لە سلێمانی و دهۆک دەگاتە 41 پلەی سیلیزی. حاجی ئۆمەران نزمترین پلەی گەرمی دەبێت کە 35 پلەیە، لە کاتێکدا گەرمیان بەرزترین پلەی گەرما لەسەر ئاستی هەرێم تۆمار دەکات کە 45 پلەی سیلیزی دەبێت.

کەشناسیی عێراق پێشبینییەکانی بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد سبەی پلەکانی گەرما لە کەرکووک، سەڵاحەدین، نەینەوا و دیالە دەگاتە 44 پلەی سیلیزی. هەریەکە لە شارەکانی بەغداد، کەربەلا، بابل، واست، دیوانییە و موسەننا 45 پلەی سیلیزی تۆمار دەکەن. هەروەها زیقار و میسان دەگەنە 47 پلە، پارێزگای بەسڕەش بەرزترین پلە تۆمار دەکات کە 48 پلەی سیلیزی دەبێت و نزیک دەبێتەوە لە پلەی کوڵان.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تاوەکو 3ـی پاشنیوەڕۆ خۆیان لە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر بپارێزن. هەروەها هۆشداری دەداتە شۆفێران کە کەرەستە گڕگرتووەکان وەک بۆن، چەرخ، کۆمپیوتەر و مۆبایل لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان جێنەهێڵن. داواش دەکات لە کاتی وەستان لەبەردەم تیشکی خۆر، بەشێکی کەمی جامی ئۆتۆمبێلەکانیان بکەنەوە تاوەکو پلەی گەرمای ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە هاوسەنگ بێت و مەترسیی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە دروست نەبێت.