حکومەت پسوڵە نانێرێت و هەڕەشەی بڕینی کارەباش دەکات؛ کێشەی پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە

کوردستان

بۆکس میدیاـــــــــ

بەرپرسانی پڕۆژەی ڕووناکی ئاشکرایان کردووە کە بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە خوێندنەوەی پێوەرە زیرەکەکان، ماوەی سێ مانگە پسوڵەی کارەبا بۆ بەشێکی زۆر لە هاوبەشان نەگەڕاوەتەوە.

بۆ مانگی سێیەم لەسەر یەک، ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پسوڵەی خەرجییەکانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە. بەرپرسانی پڕۆژەی ڕووناکی و وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی کورتەنامەوە هاوبەشانیان ئاگادار کردووەتەوە کە کێشەیان لە خوێندنەوەی "پێوەرە زیرەکەکاندا" هەیە و لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە پێوەرەکان وەک "زیرەک" ناسێنراون، بەڵام سێ مانگە ناتوانن داتاکان بخوێننەوە.

نەگەڕانەوەی پسوڵە بۆ چەند مانگێک و کۆبوونەوەی پارەکان، مەترسیی دروستکردنی بارگرانییەکی گەورەی دارایی لەسەر هاونیشتمانییان دروست کردووە. زۆرینەی مووچەخۆران و خێزانە داهات سنووردارەکان کە ژیانیان لەسەر مووچەی مانگانە ڕێکخستووە، ئەستەمە بتوانن پارەی کارەبای 4 مانگ پێکەوە بدەن، بەتایبەت لە کاتێکدا کە دابەشکردنی مووچە زیاتر لە 45 ڕۆژ دواکەوتووە.

کێشەیەکی دیکەی ئەم پڕۆژەیە گۆڕینی شێوازی هەژمارکردنی خەرجییەکانە لە مانگانەوە بۆ ڕۆژانە. لەم سیستەمەدا، ئەگەر هاوبەشێک لە ڕۆژێکدا کارەبای زۆر بەکاربهێنێت و لە ڕۆژێکی دیکەدا کەمی بکاتەوە، ڕۆژە کەمەکە قەرەبووی ڕۆژە زیادەکە ناکاتەوە. هەر ڕۆژێک کە بەکارهێنان لە ئاستی دیاریکراو تێپەڕی، وەک "کارەبای گرانبەها" پارەکەی بۆ هەژمار دەکرێت، ئەمەش تێچووی مانگانەی کارەبای بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.