ئەمریکاو بەریتانیا به‌نیازى هێرشێكى گه‌وره‌ى سه‌ربازین

جیهان

بۆكس ھەواڵ ـ

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، سوپای بەریتانیا ئامادەکاریی دەکات بۆئەوەی بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا  هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لەیەمەن ئەنجامبدات.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار به‌ڕۆژنامه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ى وتوه‌، "سوپای بەریتانیا پەیوەندیی بەئەمریکاو ڕەنگە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپیەوە بکات بۆ ئەوەی هێرشێکی چڕی موشەکی بەرەو ئامانجە پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراوەکان یان لەدەریاوە یان لەخودی یەمەن کە بنکەی حوسییەکانی لێیە، ئەنجامبدات".

ڕۆژنامەکە ئه‌وه‌شى نوسیوه‌، "هێرشە چاوەڕوانکراوەکە دەکرێت فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بەهێزی ئاسمانیی شاهانەیی بەریتانیا یان کەشتی جەنگیی  HMS Diamondى تێدا بەکاربهێنرێت".

تایمز ده‌ڵێت، "چاوەڕواندەکرێت لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا بەریتانیاو ئەمریکا بەیاننامەیەکی بێ پێشینە بڵاوبکەنەوەو تێیدا هۆشداریی بدەنە حوسییەکان بۆ ئەوەی هێرشکردنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان ڕابگرن یان ڕوبەڕوی دەسەڵاتی سەربازیی ڕۆژئاوا ببنەوە".

پێش بەیاننامەکە چاوەڕوانکراوەکە، گرانت شاپس وەزیری بەرگریی بەریتانیا ڕایگەیاند، "ئەگەر حوسییەکان بەردەوامبن لەهەڕەشەکردن لەژیان‌و بازرگانیی، ناچاردەبن ڕێوشوێنی پێویست‌و گونجاو بگرنەبەر".

ئەو سەرچاوەیە لەحکومەتی بەریتانیا ڕونیکردەوە کە ئەو بەیاننامەیە وەک "هۆشدارییەکی کۆتایی" بۆ حوسییەکان دەچێت‌و دەشڵێت "ئەگەر نەتوانن هێرشەکان بوەستێنن، پێدەچێت وەڵامدانەوەکە سنورداربێت بەڵام بەرچاو دەکەوێت".

وڵاتانی جیهان ترسیان هەیە ئەگەر کەشتیوانی بازرگانیی لەیەکێک لەگرنگترین ڕێگاکانی بازرگانی دەریایی لەجیهاندا کە دەریای سورە بەردەوامبێت، کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابوریی جیهانیی هەبێت.

1140 جار خوێندراوه‌ته‌وه