16 سەربازی ئەمریكی لە هێرشەكانی ئێراندا كوژراون
جیهان
بۆکس میدیاـــــــــ
سوپای ئەمریکا دوێنێ شەممە، گیانلەدەستدانی دو سەربازی لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، ئەوەش لە کاتی بۆردومانێکی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن، بەمەش کۆی گشتی کوژراوانی سەربازانی ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەکە لە 28ی شوباتی ڕابردوەوە بۆ 16 کوژراو بەرزبوەوە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتدا لەگەڵ کەناڵی "نیوز نێشن"، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتی، كوژرانی ئەو سەربازانە لە جەنگەكەدا لە پێناو خزمەتی وڵاتەكەیان بوە، و دوبارەی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی جەنگەکە ئەوەیە "ڕێگە نەدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
ماوەیەکی کورت دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوباتی ڕابردو، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ سەر بەندەرێک لە کوەیت بوە هۆی کوژرانی شەش سەربازی ئەمریکی. هەروەها سەربازی حەوتەم دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە برینداربونی لە کاتی هێرشێکی ئێران لە یەکی ئازاردا بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە سعودیە، گیانی لەدەستدا.
دواتر لە مانگی (ئازار/3)ـدا، شەش ئەندامی دیكە هێزەکانی ئەمریكا گیانیان لەدەستدا کاتێک فڕۆکەیەکی سوتەمەنی لە جۆری "KC-135" کە پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکای دەکرد دژی ئێران لە عێراق، تێکشکا.
ئەو ڕوداوانە لەكاتێكدایە كە ڕۆژی دوشەممەی ڕابردو، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، فڕۆکەوانێکی هێزی دەریایی لە تێکشانی هەلیکۆپتەرێك لە دەریای عەرەب گیانی لەدەستداوە، و سێ ئەندامی دیکە کە لەناو هەلیکۆپتەرەکەدا بون ڕزگار کراون.