روسیا شکستهێنانی هێرشێکی "گەورە"ی ئۆکرانیای بۆ سەر مۆسکۆ راگەیاند

جیهان

بۆکس میدیاــــــــ

دەسەڵاتدارانی روسیا ئه‌مڕۆ دوشەممە رایانگەیاند، هێرشێکی بەرفراوانی ئۆکرانیایان بۆ سەر ناوچەی مۆسکۆ پوچەڵکردوەتەوە، کە لە ڕێگەی زیاتر لە 400  فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) لە کاتەکانی شه‌وی رابردو ئەنجامدرابو. ده‌شڵێن، بەرگرییە ئاسمانییەکان زۆربەی درۆنەکانیان پێش گەیشتنیان بۆ پایتەخت تێکشکاندوە.

سێرگی سۆبیانین، پارێزگاری مۆسکۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام رایگەیاند، لە نێوان کاتژمێر 8:30ی خوله‌كی شه‌و تا 5:00ی بەیانی، زیاتر لە 400 درۆنی دوژمن ئاڕاستەی ناوچەی مۆسکۆ کرابون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە زۆربەی درۆنەکان لەکاتێکدا تێکبشکێنن کە هێشتا لە شارەکەوە دور بون، لە کاتێکدا 85 درۆنی دیکە لە کاتی نزیکبونەوەیان لە مۆسکۆ خراونەتە خوارەوە.

ئەو هێرشە لە کاتێکدا دێت کە ئاڵۆزیی و لێدانە ئاسمانییە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا زیادیان کردوە؛ بەوپێیەی کیێڤ لە مانگەکانی دواییدا بەکارهێنانی درۆنی مەودادوری بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە سەربازییەکان و ژێرخانی ناوخۆیی ڕوسیا چڕتر کردوەتەوە.

لە بەرامبەردا مۆسکۆ بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی موشەکی و ئاسمانی بۆ سەر ئامانجە ئۆکرانییەکان، کە دوایینیان ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا بو دەربارەی بەئامانجگرتنی هەردو بەندەری ئۆدێسا و چۆڕنۆمۆرسک لەسەر دەریای ڕەش لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانیدا.