له‌باكورى كوردستان بەرپرسێکی باڵاى ئاكپاتى لەگەڵ کوڕو برازایەکیدا کوژران

جیهان

بۆکس میدیاــــــــ

لەشاری باتمان لەباکوری کوردستان (باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا)، بەرپرسێکی خۆجێیی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاکپارتی) لەگەڵ کوڕەکەیی‌و برازایەکیدا، لەئەنجامی دەستڕێژی گولەی کەسانێکی نەناسراودا کوژران.

به‌گوێره‌ى هەواڵێکی ڕۆژنامەی (جمهوریەت)ی تورکی، هێرشەکە لەناو گۆڕستانی گشتیی گەڕەکێکی شاری باتمان ڕویداوە، لەوێدا كه‌سانى نەناسراو تەقەیان لە(محەمەد دێریک) ئەندامی سەرکردایەتی لقی ناوخۆیی ئاکپارتی‌و ئێرجانی کوڕی‌و بەکری برازای کردوەو هه‌ر لەشوێنی ڕوداوەکەدا، هه‌رسێكیان گیانیان لەدەستداوە.

لەدوای ڕوداوەکە، هێزەکانی پۆلیس گەمارۆیەکی توندی ئەمنییان بەسەر ناوچەکەدا سەپاندوەو هاتوچۆی چونەژورەوەو چونەدەرەوەیان لەگۆڕستانەکە قەدەغەکردوە. هاوکات پۆلیس لەڕێگەی پشکنینی تۆماری کامێراکانی چاودێریی‌و شوێنپێی تۆمەتبارانەوە، لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی هێرشبەرە هەڵاتوەکان دەستپێکردوە.